| هه‌شتا دوکان و ماڵی کوردان سووتێندران |
|
| 14:39 2010-07-28 | |||
هێرشی نه‌ژادپه‌رستانی تورک له دژی کوردان له شاری دۆرت یۆڵی تورکیا تا ئێستاش به‌رده‌وامه. له هێرشی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا، 80 کارگه، دوکان و ماڵی کوردان سوتێندراو‌ن و تاڵان کراون. به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌کانی هه‌واڵ له باکووری کوردستانه‌وه، دوێنێش نه‌ژادپه‌رستانی تورک به درێژایی ڕۆژ، هێرشیان بردۆته سه‌ر کوردانی نیشته‌جێی ئه‌و شاره. فاشیسته تورکه‌کان به به‌رچاوی هێزه‌کانی پۆلیسه‌وه دوکان و ماڵی کوردانیان تاڵان کرد. به‌پێی سه‌رچاوه‌کانی هه‌واڵده‌ری هه‌رێمی، تا ئێستا 80 ماڵ، کارگه و دوکانی کوردان سوتێندراو‌ن و تاڵان کراون. کوردانی نیشته‌جێ له شاری دۆرت یۆڵ، بۆ خۆپاراستن له هێرشی نه‌ژادپه‌رستانی تورک، له‌ده‌وری یه‌کتر کۆبوونه‌وه و شه‌وانه ئێشک ده‌گرن. له‌لایه‌کیتر ده‌وڵه‌ت هێزی زیاتر سه‌ربازی ڕه‌وانه‌ی شاره‌که کردووه. ئه‌مه‌و کوردستانیانی نیشته‌جێ له شاری دۆرت یۆڵ، له‌دژی هێرشه‌کان ناڕه‌زایه‌تیان ده‌ربڕی و ڕێپێوانێکیان ڕێکخست. کوردستانیان دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ له ناوچه‌ی "مه‌زبه‌هانه" له ده‌وری یه‌کتر کۆبوونه‌وه و به‌ده‌م وتنه‌وه‌ی دروشمه‌کانی بژی سه‌رۆک ئاپۆ، په‌که‌که گه‌له گه‌ل لێره‌یه، ڕێیان پێوا. دووای خۆپێشاندانه‌که، سه‌رۆکی ڕێکخستنه‌کانی ناوچه‌که، خه‌لیل بایباڕش بۆ ئاماده‌بووان قسه‌ی کرد. بای باڕش، هێرشه‌کانی نه‌ژادپه‌رستانی شه‌رمه‌زار کرد و ڕایگه‌یاند له ناوچه‌که‌دا ژیانی کوردان له ئاسایشیدا نییه. ئاماژه‌ی به‌وه‌یدا که ئه‌وان به پشتبه‌ستن به هێزی گه‌ل، خۆیان ده‌پارێزن و داوای له کوردانی نیشته‌جێی شاره‌که کرد که شه‌وانه نه‌چنه ده‌ره‌وه. دوای وته‌کان، جه‌ماوه‌ره‌که خۆپێشاندانێکی تریان ئه‌نجام دا. له‌لایه‌کی تر به‌رپرسیارانی پارتی ئاشتی و دیموکراسی، به‌ده‌په ئه‌مڕۆ له شاری ئامه‌د کۆبوونه‌وه‌یه‌کی چاپه‌مه‌نیان پیکهێنا. له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا ڕاگه‌یه‌ندرا که له‌دژی هێرشه‌کان، ئه‌وان سبه‌ینێ به‌شێوه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری سه‌ردانی شاری دۆرت یۆڵ دهکه‌ن و ئه‌و کوردانه به‌سه‌ر ده‌که‌نه‌وه که له‌لایه‌ن نه‌ژاد په‌رستانی تورکه‌وه هێرشیان کراوه‌ته سه‌ر. جێی ئاماژه‌یه شاری دۆرت یۆڵ له پارێزگای ئه‌نتاکیا ده‌که‌وێته باشووری ڕۆژئاوای تورکیا.
|